بەهۆی کەمبوونەوەی سەرپێچییەکان کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی دەکوژێندرێنەوە
پۆلیسی فینلاند دەڵێت، پار سەرپێچی هاتووچۆ بەراورد بە 2019 نزیکەی 73٪ کەمیکردووە، بەو هۆیەوە ئەم ساڵ بەشێکی زۆری کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی ئۆتۆمبێلیان کوژاندوونەتەوە.
پۆلیسی فینلاند بڵاویکردەوە، پار 137 هەزار سەرپێچی هاتووچۆ لە وڵاتەکەیان تۆمارکران، لەکاتێکدا ساڵی 2019 ژمارەکە 500 هەزار سەرپێچی بوو. واتە سەرپێچییەکان بە رێژەی 73٪ کەمبووەتەوە.
بە گوتەی پۆلیسی فینلاند لە هەندێک ناوچە، لەوانە شاری ئیسپۆ کە 321 هەزار کەسی تێدا دەژی، سەرپێچی هاتووچۆ 99٪ کەمیکردووە.
بەهۆی کەمی ژمارەی سەرپێچی و نەبوونی کارمەندی پێویست بۆ راییکردنی مامەڵەی ئەو شۆفێرانەی سەرپێچی دەکەن، بەشێکی زۆری کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچییان کوژاندوونەتەوە. پۆلیسی فینلاند وا دەڵێت.