دەرئەنجامەکانی خوێندنی باڵاو پێداویستیەکانی بازاڕی کار
دەرئەنجامەکانی خوێندنی باڵاو پێداویستیەکانی بازاڕی کار
نوسینی: هاوڕێ لطیف مجید / مامۆستای زانکۆ
بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و پەرەسەندنی سروشتی کار و گۆڕانی دیمەنە ئابوورییەکان، پەیوەندی نێوان خوێندنی باڵا و هێزی کار گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا هاتووە. بە فراوانبوونی بازاڕەکان، کۆمەڵێک پرسیاری نوێ دروست بوون، لە ئەنجامی زۆر بوونی ژمارەی دەرچووانەوە سەریان هەڵداوە. ئایا ئێستا زیادەڕەوی هەیە لە دەرچوان؟ یان، ئایا دەرچووان "ماددەی دروست"ی بابەتەکان دەخوێنن؟ یاخوود دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە تەیارکردنی فێرخوازان بە لێهاتوویی و زانیاری، کە پێویستن بۆ گەشەکردن لە بازاڕی کاردا؟ لەبەرامبەردا نیگەرانی خاوەنکار و سەرمایەداران لەزیادبووندایە، یان چاوەڕوانی بازاڕی کار بۆ لێهاتووی و کارامەییەکان لە دەرچووان زیاترە، ئەمەش گرفتی بۆ بازاڕەکان و دەرچووان دروست کردووە، لەلایەک بێکاری و لەلایەکی ترەوە کەمی دەستی کاری شارەزا و کارامە بۆ بازاڕی کار.
بازاڕکان بەقۆناغێکی گرنگی گۆڕانکاری خێرای تەکنەلۆژی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا تێدەپەڕن، دابین کردن و ئامادەکردنی هێزی کار بۆ بازاڕی کارکردن بەرپرسیارێتی زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای لەجیهاندا قورستر کردووە، کەئەرکیان ئامادەکردنی دەرچووانە بۆ کۆمەڵێک پیشە لەکەرتەکانی چاودێری تەندروستی و بەڕێوەبردن و تەکنەلۆژیا و... هتد. لەگەڵ ئەوەی لە دەیان ساڵی ڕابردوودا، خوێندنی باڵا لە زۆربەی وڵاتاندا بەخێرایی گەشەی کردووە، هەروەها دەروازەیەکیش بووە بۆ دەستخستنی هەلی کار و فراوانکردنی جووڵەی ئابووری، کە کاریگەری گرنگ و قووڵی هەبووە لەسەر بازاڕی کار و پێداویستیەکانی بازاڕ بۆ دەستی کاری شارەزا. دەرئەنجامەکانی ئەم گەشە کردنانە لە خوێندنی باڵا بەزۆری لەسەر ئەو گریمانەیە دامەزراون، پەروەردەی زیاتر بۆ تاک و کۆمەڵگا بەگشتی پێویست و باشە، نەک تەنها لە ڕووی دەرئەنجامە ئابوورییەکانی وەک مووچە و دامەزراندن، بەڵکوو بۆ مەودایەکی فراوانتر لە دەرئەنجامە کۆمەڵایەتیەکان وەک باشترکردنی تەندروستی و کەمکردنەوەی تاوان و خۆشگوزەرانی زیاتر.
گەشەکردنی خێرای ڕۆژلەدوای ڕۆژی بازاڕەکان، بەهۆکاری زاڵبوونی تەکنەلۆجیاو ئاڕاستەکردنی بازاڕی کار و فراوانبوونی ڕەو ڕەوی ئابوری لەبازاڕەکانی جیهان، پێویستەکانی بازاڕ بۆ دەستی کار تەنها بە بڕوانامەیەکەوە ناوەستێت، بەڵکوو دەرفەتەکانی بەدەستهێنانی کارکردن بۆ ساڵانی داهاتوو قورس و قورستر ئەبێت، لەبەرئەم هۆکارە، ئەرکی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵایە پێداچوونەو بکەن بە شێوازەکانی فێربوون و هەڵسەنگاندن، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر پەرە بە لێهاتوویی فێرخوازان بدرێت بۆ پێویستی بازاڕ، وەک دەستی کاری شارەزا و بەستنەوەی ڕاستەقینەی زانکۆکان بەبازاڕکانەوە، لەپێناو دابین کردنی خواستەکانی خاوەنکار. دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا پێویستە جەخت لەسەر گرنگی هەردوو لێهاتوویی تەکنیکی و پراکتیکی بکەنەوە، دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ و باشتر بگێڕن لە پەروەردەکردنی کارامەیی و لێهاتویی. هەروەها حکومەتەکانیش ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە دانانی چوارچێوەی یاسایی گونجاو و بۆ دەستەبەرکردنی تواناکان و دەرئەنجامەکانی خوێندنی باڵا، بۆ خوێندنی ئەو بابەتانەی کە خواستی ڕێژەیی زۆریان هەیە لە بازاڕی کاردا. بەشێوەیەکی گشتی، بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندی ئەرێنی لە نێوان خوێندنی باڵا و گەشەی ئابووری، بۆ ئەم مەبەستەش گرنگ دەبێت بیر لە تەوەری بنیاتنانی مەنهەجی زانکۆ لەسەر ئەو لێهاتووییانەی کە پێویستن بۆ بازاڕی کار.
ئامانجی بابەتەکە تەرکیزکردنە لەسەر پرۆگرامەکانی زانکۆ، کە ئامانجیان ڕاهێنانی پیشەگەرە ڕاستەقینەکانە لە جیهانی پەروەردە و ڕاهێناندا، بۆ ئەوەی توانای ئەوەیان هەبێت ئەو بەرپرسیارێتیانە لە ئەستۆ بگرن کە لێیان دەخوازرێت و توانا و لێهاتوویی پێویستیان هەبێت، چونکە دەرکەوتووە، کارلێککردنی خواست و خستنەڕوو. لە ساڵانی ڕابردوودا، جیاوازییەکی گەورەی دروست کردووە لەنێوان دەرچووان. خستنەڕوو لە خواست زیاتر بووە، بەهۆی بەرزبوونەوەی مووچە بۆ بڕوانامەی زانکۆ. مشتومڕی زۆر هەیە لەسەر هۆکارەکانی زیادبوونی خستنەڕووی دەرچووان، بەڵام بۆچوونی زاڵ ئەوەیە کە گۆڕانکاری تەکنەلۆژیا و کەم ئەزموونی و شارەزایی هۆکارێکی سەرەکییە، ئەمەش دەبێتە هۆی گرنگیدان بە چەمکی "گەشەپێدانی هێزی کار" و پرۆسەی بنیاتنانەوە و پاراستنی هێزی کاری لێهاتوو، کە بتوانێت پێداویستییەکانی خاوەنکارەکان دابین بکات و گەشەی ئابووری بەرەو پێشەوە ببات، لەم چوارچێوەیەدا دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە دڵنیابوون لەوەی کە دەرچووانیان ئەو لێهاتووییانەی هەبێت کە خاوەنکارەکان خواستی لەسەرە.

